کێشەی داهێنان و کارسازی لە عێراق

کێشەی داهێنان و کارسازی لە عێراق

 

داهێنان و کارسازی بڕبڕەی پشتی تازەگەرێتیە و کلیلی پێشخستنی وڵاتانە، هەرچەندە کوردستان و عێراق پێویستی زۆریان بەمە هەیە و لە هەمان کاتدا سروشتی لەباریان هەیە بۆ ئەم دوو شتە کە ڕووبەن، بەڵام ئاستی بوونیان لە ئاستی چاوەڕوانکراودا نیە و بگرە زۆر کەمە، ئەمە ئەوەبوو کە د. هێمن لەتیف لە وتاری TEDx کەیدا باسی لێوە کرد.
د. هێمن کە وانەبێژی زانکۆیە و لە هەمان کاتدا بەرێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێراتارگێتە کە کۆمپانیایەکی تایبەتی داهێنانی بواری تەکنەلۆجیای زانیارییە، ڕوونی کردەوە کە هۆکاری کێشەکە بریتیە لە سیستەمی خوێندن لە قوتابخانەکانماندا، کە یارمەتی دروستبوونی هەستی داهێنەری ناکات لە گەنجەکانماندا.
دوای دۆزینەوەی هۆکاری کێشەکە، د. هێمن بڕیاریدا کە ڕێگایەک بدۆزێتەوە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم هەڵەیە ئەگەر لەسەر ئاستێکی کەمیشبێت، هەڵسا بە ئەمادەکردنی کۆرسێک لەسەر فێربوونی داهێنەری و پێشکەشی فێرخوازانی کرد، کۆرسەکە تایبەتبوو بە تیشک خستنە سەر فێربوونی توانای داهێنەری.
دوای سەرکەوتن بە سەر چەند ئەستەمێکدا، د. هێمن کۆرسەکەی لەسەر داهێنەری ئامادەکرد بۆ فێرخوازان، چەند دوو دڵیەک هەبوو لە سەرەتادا، کە ئایە ئەم پڕۆژەی خولە سەرکەوتوو دەبێت یاخود نابێت، ئایە فێرخوازەکان ئەم کۆرسە هەڵدەبژێرن؟
بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو ژمارەی ئەو خوێندکارانەی کە خۆیان ناو نووسکرد بۆ کۆرسەکە، شەش ئەوەنەی ژمارەی چاوەڕوانکراو زیاتربوو.
ئەم ژمارە زۆرەی خوێندکاران مانای ئەوە دەگەیەنێت کە خەڵکان بە تایبەتی گەنجان تامەزرۆی ئەم بوارەن و دەیانەوێت فێرببن و خۆیان داهێنان بکەن، هەر وەک د. هێمن لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەی پێدا: (ئێمە فیزیا فێردەکەین، دواتر چاوەرێی جێبەجێکردنی دەکەین، یاسا فێردەکەین دواتر چاوەڕێی پەیڕوەکردنی دەکەین، هەر بە هەمان شێوە دەبێت داهێنەری فێربکەین بۆ ئەوەی چاوەڕێی داهێنان بین.)
عێراق پێویستی زۆری هەیە بە داهێنەران وکارسازان و ئەم کەسانەش چانسی ئەوەیان هەیە کە گەشە بکەن و گۆڕانکاری بکەن لە کۆمەڵگەکەدا، لەبەر ئەو هۆکارەی کە عێراق و کوردستانیش هەردووکیان لە ئاست و کاتی گەشەکردندان و کەم و کوڕی هەیە لە چەندەها بواری جۆرا و جۆردا، کارسازان و داهێنەران دەتوانن ئەم ئاستانە پڕبکەنەوە.
هەردوو گروپی کارسازان و داهێنەران دەتوانن سەر لە نوێ وڵاتەکانیان دروستبکەنەوە و وێنایەکی نوێی پێ ببەخشن، وێنایەک کە هەستی ئەوە دەدات بە نەوەکانی داهاتوو کە ئەوانیش توانای داهێنانیان هەیە، بۆ گەشتن بەم وێنایە، سەرەتا پێویستە سیستەمی خوێندنمان پێداچوونەوەی بۆ بکەین و بە شێوەیەک دایڕێژینەوە کە هەست و ئارەزووی داهێنان و کارسازی دروست بکەین لە نەوەکانی داهاتووماندا.